Azad Mohammed Abdullah
04 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2020
دهۆک - AA
میرى کوردانى ئێزدى لە هەرێمی کوردستان و جیهان، میر حازم میر تەحسین رایگەیاند "لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەنجوومەنى باڵاى کوردانى ئێزدى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و هەموو جیهان دادەمەزرێنین".
میر حازم میر تەحسین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ساڵێک لەمەوبەر میر تەحسین کۆچى دوایی کرد، میر تەحسین بۆ ماوەى ٧٥ ساڵ میرى کوردانى ئێزدى بوو لە هەرێمى کوردستان و هەموو جیهان و لە ژیانى خۆیدا بەردەوام لە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانى کوردانى ئێزدى بوو، نەک تەنها لە هەرێمى کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانیش".

میرى کوردانى ئێزدى لە هەرێم و جیهان لەبارەى رەوشى کوردانى ئێزدى گوتى: "بەرلە هاتنى داعش رەوشى کوردانى ئیزدى باشبوو، بەڵام دواى هاتنى داعش رەوشى کوردانى ئێزدى باش نییە، چونکە خەڵکى ئێمە لە کەمپەکاندان و پێویستییان بە هاوکارییە، حزمەتگوزارى نییە و تا ئێستا شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە".

ئەو گوتیشى: "تا ئێستا نزیکەى ٤٠٠ هەزار کوردى ئیزدى لەناو کەمپەکاندا دەژین و بەهۆى نەبوونى سەقامگیرى ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال، جگە لەمەیش نزیکەى سێ هەزار کچ، ژن و منداڵى کوردى ئیزدى هەر لەو کارەساتەى لە ئابى ٢٠١٤ بەسەر شنگالییەکان هات تا ئێستا بێسەروشوێنن و بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لەبەردەستماندایە زۆرینەیان لە سووریادان، جگە لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و نووسینگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى هیچ لایەنێکی دیکە هاوکار نەبووە لە زرگارکردنى رفێندراوانى ژێر دەستى داعش، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار ٥٠٠ کوردى ئێزدى رزگارکراون".

میر حازم بەگ دەشڵێت "ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکان سەردانمان دەکەن، پێیان رادەگەیەنین و داواى رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئیزدییان لێ دەکەین".
میرى کوردانى ئێزدى لە هەرێمی کوردستان و جیهان هەڵوێستى پەرلەمانى کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە سێى ئابى هەموو ساڵێکى وەک رۆژى جینۆسایدى کوردانى ئیزدى دیاریکردووە و دەڵێت "ئەمە شتێکى نامۆ نییە کە پەرلەمان ئەم رۆژەى وەکو جینۆساید دیاریکردووە، چونکە کوردانى ئێزدى لێرە میوان نین، ئێمە کوردین و خەڵکى هەرێمى کوردستانین".