Rawan Subhi Obaiullah
28 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2026
وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیاران لە دھۆک، دوایین زانیارییەکانی دەربارەی پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرا کرد، ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا ٨٥٪ی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و لە کۆی ملیۆنێک و ٩٠٠ ھەزار ھاوبەش، ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار ھاوبەش بوونەتە بەشێک لەو پڕۆژەیە.
وەزیری کارەبا گوتی: "پلانی سەرەکی ئەوە بوو پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو ببێت، بەڵام کارەکان خێرا کراون و لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی کۆتایی دێت".
ناوبراو جەختی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا دۆخی کارەبای بەم شێوەیە جێگیر نەبووە و بوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی وەک خەونێک بووە، بەڵام ئێستا ھاووڵاتییان زۆر بە باشی و بە شێوەیەکی دەستپێوەگرانە مامەڵە لەگەڵ بەکارھێنانی وزەدا دەکەن".
سەبارەت بە نرخی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی، کەمال محەمەد ڕایگەیاند: "ئێمە ڕەوشی دارایی ھاووڵاتییانمان لەبەرچاو گرتووە، لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥ گۆڕانکاریی لە نرخەکاندا کراوە، بەڵام یەکێک لە کێشەکان دواکەوتنی پسوولەکان بوو بۆ ماوەی دوو تا پێنج مانگ کە بارگرانی بۆ خەڵک دروست دەکرد، ئێمە بەردەوام ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ھەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ نرخەکان بکەین و پێداچوونەوەیان پێدا دەکەین. خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە ناھێڵین پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕووی نرخەوە ببێتە کێشە و بارگرانیی بۆیان".
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان.