Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، ویسل ئەر ئۆغڵۆ پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان، تایبەت بە دۆسیەی ئاو تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە مەھدی رەشید حەمدانی لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ویسل ئەر ئۆغڵۆ کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و تورکیا تایبەت بە دۆسیەی ئاو تاوتوێکراوە، ھەروەھا سەبارەت بەو رێککەوتنانە گفتوگۆکراوە کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ تورکیا لە نێوان ھەردووڵاتدا کراون.
ئاماژە بەوەیشدراوە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ تایبەت بە دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا کراون لەوانە رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاو، هەروەها دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، ویسل ئەر ئۆغڵۆ خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە سازکردنی کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو شاندی عێراق و تورکیا کە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە بۆ رێککەوتن لەسەر رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاو لە ئەنقەرە ساز بکرێت.
ویسل ئەر ئۆغڵۆ جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەھیچ شێوەیەک نایانەوێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئاوی عێراق بگەیەنن و ھەوڵدەدەن لەگەڵ لایەنی عێراقی پێکەوە دۆسیەی ئاوی نێوان ھەردوو وڵات چارەسەر بکەن.
بڕیاربوو دوێنێ ھەینی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی بەسەرۆکایەتی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا سەردانی تورکیا بکردایە، بەڵام سەردانەکە بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ١٧ کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
ئاوی ھەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژھەڵاتی تورکیاوە ھەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.
ھەردوو رووباری دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق ھەژمار دەکرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا کەمی کردووە ئەمەش بەھۆی کەمی دابارینی باران بووە.
عێراق بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ بەشێوەی سەرەکی سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.
تورکیا نەرمی زۆری نواندووە لەبەرامبەر داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی ھەردوو رووبارەکە و لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە لە زیاتر لە جارێک پڕکردنی بەنداوی "ئیلسۆ"ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.
مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاند ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.
مەھدی رەشید حەمدانی روونیکردبووەوە، کەمبوونەوەی ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا بەھۆی کەمبوونەوەی رێژەی دابارینی باران بووە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩.