Zeynep Tüfekçi Gülay
12 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2022
شەرەم شێخ - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی، پاراستنی ئارامی لە فەڵەستین و چارەسەرکردنی کێشەی بەنداوی (نەهزە)یان تاوتوێ کرد کە ئەسیوپیا بەردەوامە لە بنیاتنانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری میسر، سیسی لە میانی کۆبوونەوەکانی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ئێستادا لە شاری شەرەم شێخ لە وڵاتەکەی بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ بایدن کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرۆک، باسیان لە پرسی پاراستنی ئارامی لە فەڵەستین، چارەسەر کردنی پرسی بەنداوی نەهزە، جەنگی رووسیا-ئۆکراینیا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی، نوێترین پێشهاتەکانی لیبیا، سووریا و یەمەن کردووە.
بایدن ستایش و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی میسر لە پرسی فەڵەستین بەتایبەت پاراستنی ئارامی لە نێوان لایەنی فەلەستینی (لە کەرتی غەززە) و ئیسرائیل، نیشانداوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی میسر وەک هاوپەیمان و دۆستێکی بەهێز و جێی متمانەی لە ناوچەکەدا دەبینێت.
لای خۆشییەوە سەرکۆماری میسر. عەبدولفەتاح سیسی جەختی لە گرنگی راوێژ و هەماهەنگیی لە پرسەکانی هاوپەیمانی ستراتیجی و پرسە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و ناوچەیی کردووەتەوە.
سیسی جەختیشی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە لە پرسی فەڵەستیندا کردەووە کە تیایدا مافەکانی گەلی فەڵەستین پارێزراو بێت.
سەرکۆماری میسر باسی لە پرسی بەنداوی نەهزە، کرد کە لەلایەن ئەسیوپیاوە بنیات نراوە، ئەوەشی دووپات کردەوە کە لە رێی رێککەوتنێکی یاساییەوە کە ئاسایشی ئاوی میسری تیدا پارێزراو بێت، ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی ئایندە دەستەبەر دەکەن.
سیسی جەختیشی لە چارەسەرکردنی پرسی بەنداوەکە کردەوە و ئاماژەشی بە گرنگی رۆڵی ئەمریکا لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەدا کرد.
- کێشەی میسر و ئەسیوپیا لەسەر بەنداوی نەهزە
زیاتر لە ١٠ ساڵە وڵاتانی میسر، ئەسیوپیا و سوودان لەسەر دروستکردنی بەنداوی نەهزە ناکۆکن.
ئەسیوبیا لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی بە دروستکردنی ئەم بەنداوە کرد لەسەر رووباری نیل کە لە سەدا ٨٠ی ئاوی رووبارەکە لە ئەسیوپیاوە سەرچاوە دەگرێت بەڵام ئەو وڵاتە بەتەنها لە لەسەدا سێی ئاوی نیل، سوودمەند دەبوو.
هەروەها ئەسیوپیا دەیەوێت لەرێی دروستکردنی ئەم بەنداوەوە پێویستی وزەی وڵاتەکەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات.
لەسەر دابەشکردنی ئاوی بەنداوەکەش ئەسیوپیا لەگەڵ میسر و سوودان، کێشەی هەیە و وێڕای هەموو کاردانەوەکانیش لە تەمووزی ٢٠٢٠دا بۆ یەکەمجار کاری پڕکردنی بەنداوەکە ئەنجامدرا و لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢دا بۆ یەکەمجار وزەی کارەبای لێوە بەرهەمهێنرا.