Esat Fırat
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2022
جەزائیر - AA
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بەهۆی "رەوشی تەندروستییەوە" بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا ناکات کە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە وڵاتی جەزائیر ساز دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیردا، ئەوە خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، عەبدولمەجید تەبوون پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بن سەلمان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بن سەلمان، بە سەرکۆمار تەبوونی راگەیاندووە کە بەهۆی رەوشی تەندروستییەوە پزیشکەکان داوایان لێ کردووە گەشت نەکات، بەم هۆیەشەوە ناتوانێت بەشداری لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بکات".
باس لەوەش کراوە کە تەبوون، نیگەرانی خۆی لە بەشداری نەکردنی جێنشینی سعوودیە لە لووتکەکەدا خستووەتەڕوو و ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە لە هەموو بارودۆخێکدا سعوودیە "پشتیوانی" جەزائیر دەبێت.
محەمەد بن سەلمان لە دوای سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا بڕیاربوو سەردانی جەزائیر بکات، بەڵام ئەم سەردانە لە کۆتا ساتدا هەڵوەشایەوە.
پێشتریش راگەیاندنەکانی جەزائیر، ئەوەیان خستبووەڕوو کە بن سەلمان یەکێک دەبێت لە بەشداربووانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی.
چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەکەدا، گفتوگۆ لەسەر قەیرانەکانی وڵاتانی عەرەبی لە قۆناغی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و ئاسایشی خۆراک و وزە بکرێت.