Dmitri Chirciu
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ رایگەیاند کە پاڵاوگەی نەوتی ناوچەی دنیپرۆ لە ئۆکراینا خاپوور کراوە.
ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا رایگەیاند کە بەچەکی هەستیاریی بەرز، کارگەی "کۆممونار"یان لە شاری خارکێڤ خاپوور کردووە کە مووشەکی کەشتیشکێنی Neptunی لە بەرهەم هێندراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە هەموو بەرەیەکەوە هێرشەکانی سوپای ئۆکراینایان تێکشکاندووە، گوتی: "لە پێکدادانەکاندا، زیاتر لە ٢٥٠ سەربازی ئۆکراینا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش کەلوپەل و پێداویستی سەربازیی لەنێوبراون".
ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پاڵاوگەی نەوتی ناوچەی دنیپرۆیان خاپوور کردووە کە ٤٦ هەزار تۆن سووتەمەنی بۆ یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا لێ عەمار کرابوو، گوتی: "لە میانی ٢٤ کاتژمێر رابردوودا، یەک فڕۆکەی جەنگیی جۆری Mig-29 و شەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینا خراونەتە خوارەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە تاكوو ئێستا ٣٢٥ فڕۆكه، ١٦٢ هێلیكۆپتهر، ٣٨٣ سیستهمی مووشهكی بهرگریی ئاسمانیی، دوو هەزار و ٣٠٨ فڕۆكهی بێ فڕۆكهوان، پێنج ههزار و ٩٦٧ تانک و زرێپۆش، ٨٧٤ مووشهكهاوێژی فرهلووله، سێ هەزار و ٥١٦ گولـله تۆپ و گولـله هاوەن و شەش ههزار و ٥٠٦ ئۆتۆمبێلی سهربازیی ئۆكراینا تێكشکێندراون.
- دوو کەس لە شاری شەبەکینۆ گیانیان لەدەستداوە
فەرمانڕەوای پارێزگای بێلگۆرۆد، ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە کە لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ئۆکراینا بۆسەر شاری شەبەکینۆ، دوو مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسی دیکەیش برینداربوون.
هەروەها بەهۆی هێرشەکێشەوە تەزووی کارەبا لە چەند شوێنێکی شارەکە بڕاوە.