Haydar Şahin
23 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2022
تاران - AA
خۆپیشاندانەکان لە ئێران کە لە دوای گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی دەستیان پێ کرد، بۆ ۳۷مین رۆژ بەردەوام بوون.
لە رۆژدا، خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی چڕ لە زانکۆکان بەڕێوەچوون و لە ئێوارەشدا، هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان.
کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و تیایاندا ئەوە دەردەکەوێت کە لە شاری دێزفول سەربە پارێزگای خوزستان، خۆپیشاندەران لە رێی سووتاندنی تایە و زبڵدان و لێکردنەوەی تابلۆی سەر شەقامەکانەوە، بەربەستیان دروست کردووە و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ، بڵاوەیان پێکردوون.
کاتێکیش خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان دروشمیان دەگوتەوە، شۆفێران لە رێی هۆڕن لێدانەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕین.
لە شاری ئەهواز، بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ۲٥۰ کارمەندی گرووپی پۆڵای نیشتمانیی ئەهواز، هاووڵاتییان رژانە مەیدانی ناوەندی شارەکە و بە گوتنەوەی دروشمی "دەجەنگین، دەمرین، دووبارە ئێران دەگرینەوە دەست"، ناڕەزاییان دەربڕی.
بە هەمان شێوە خوێندکارانی زانکۆکانی بەهەشتی، ئەمیر کەبیر، رازی، زانست و کولتووری تاران، زانستە پزیشکییەکانی مەشهەد، تەورێز، زانستە پزیشکییەکانی هەمەدان، تاران، تەکنەلۆجیای شیراز، یەزد، مازەندەران، زاهیدان، ئەهواز جادیشاپوور، عەللامە تەباتەبایی خۆپیشاندانیان ساز کرد.
هەروەها لە شارەکانی سنە، سەقز و بۆکان کاسبکاران بۆ نیشاندانی ناڕەزایی و پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەکان، دەڕابەی دووکانەکانیان دادایەوە.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوولی رابردوو، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
مەهسا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شارۆچکەی سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش، خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
کەناڵی فەرمی ئێران لە ٢٤ی ئەیلوولی رابردوودا، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان ٤١ کەس لە میانی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە.
هەرچەند باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، هەزاران کەس دەستگیرکراون، بەڵام دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئێران ژمارەی دەستگیرکراوان ئاشکرا ناکات و باس لەوەیش دەکرێت چەندین کەسیش ئازادکراون.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (HRANA) لەنێوان ١١ی ئەیلوول تا ١٤ی تشرینی یەکەم، ۲٤٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٣٢ کەسیان منداڵ و ٢٦یان کارمەندی ئاسایشن.