Wassim Samih Seifeddine,Iyad Nabolsi
30 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت ــ AA
جێگری سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، نەعیم قاسم ڕایگەیاند کە لە ڕووبەڕوونەوەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی کەرتی غەززە و ئاماژەی بەوەشدا کە حزبوڵڵا ئامادەیە شەڕی وشکانیی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەنجام بدات.
نەعیم قاسم لە گوتارێکی تەلەڤيزیۆنییدا کە ٢٠ خولەکی خایاند، قسەی کرد و ھەوڵیدا لایەنگرانی حزبوڵڵا و لوبنانییەکان بە گشتی دڵنیا بکاتەوە، ھەروەھا چەند پەیامێکی سەبارەت بە داھاتووی حزبوڵڵا نارد، دوای ئەوەی ڕۆژی ھەینی ڕابردوو، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆرکرا.
جێگری سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ھەینی ڕابردوودا لە ناوچەی زاحییەی باشووری بەیروت کە تیایدا حەسەن نەسروڵڵا کرایە ئامانج، ٢٠ سەرکردە و فەرماندەی حزبوڵڵا ئامادەی نەبوون، ئەوەش بەپێچەوانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل باسی لێوە دەکات و گوتی: "ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ئامادە بوون، بریتیبوون لە فەرماندە لە حزبوڵڵا، عەلی کەرکی و فەرماندەی پاسەوانەکانی حەسەن نەسروڵڵا، ئیبراھیم جەزینی و پاسەوانێکی دیکە بەناوی سەمیر حەرب، ھەروەھا فەرماندە لە سوپای پاسداران، عەباس نیلفروشان".
نەعیم قاسم ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕووی سەربازییەوە، پاڵپشتییەکی بێ سنووردار پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات.
ھەروەھا نەعیم قاسم لەبارەی داھاتووی حزبوڵڵا گوتی: "سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە سەرکردەکانمان لەدەستداوە و دەستدرێژییەکانی سەر خەڵکی مەدەنی لە لوبنان بەردەوامن، بەڵام ئێمە لە ھەڵوێستی ڕاستگۆیی خۆمان پاشگەز نابینەوە".
باسی لەوەش کرد کە مقاوەمەی ئیسلامی (حزبوڵڵا) لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا و پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین و بەرگرییکردن لە لوبنان بەردەوام دەبێت و جەختی لەوە کردەوە: "دوای تیرۆرکردنی حەسەن نەسڕوڵڵا، ھێرشەکانی مقاوەمە زیاتر بەردەوام بوون، ھەروەھا سەرکردەیەکی حزبەکەمان کاتێک شەھید یان بریندار دەبێت، ئەوا جێگرەوەی ھەیە".
گوتیشی: "ئێمە بەزووترین کات سکرتێری گشتی بۆ حزبەکەمان ھەڵدەبژێرین و دڵنیابن کە ھەڵبژاردنەکە ئاسان دەبێت".
ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "ئێمە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانانە دەکەین کە پێشتر حەسەن نەسڕوڵڵا بەرلەوەی تیرۆر بکرێت، داینابوون".
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوەشدا کە حزبوڵڵا ئامادەیە شەڕی وشکانیی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەنجام بدات و گوتی: "شەڕەکە درێژە و سەرجەم بژاردەکان کراوەن، ئەگەر دوژمنی ئیسرائیل لە ڕێگای وشکانییەوە بێتە ناو خاکی لوبنان، ئەوا ڕووبەڕووی دەبینەوە".
لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان کردووە کە تا ئێستا بەردەوامن.
لە ئاکامی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستا، ٩٢٣ کەس کوژراون و دوو ھەزار و ٧١٥ی دیکەش برینداربوون.