سلێمانی
نووسینگەی (دکتۆر عەلی قەرەداخی) ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان بڵاویکردەوە قەرەداخی بۆ بەشداریی کردن لەوکۆنگرەیە گەیشتووەتە تورکیا.
کۆنگرە لەلایەن مونتەدای رووناکبیرە مسوڵمانەکان، مونتەدای پەرلەمانتارانی ئیسلامی، یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان رێکدەخرێ و وا بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کارەکانی دەست پێبکات.
بەڕێوەبەرانی کۆنگرە رایانگەیاندووە ئامانجیان لەسازدانی کۆنگرەکە بۆ ڕێزلێنانە لە ئیرادەی گەلان بۆ بەدەست ھێنانی ئازادی و چەسپاندنی دیموکراسییەت.
لەو کۆنگرەدا ھەوڵ دەدرێ تیشک بخرێتە سەر ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر کاردانەوەکانیان لەسەر (بەھاری عەرەبی) و ئەو ھەوڵانەی لەئارادان بۆ شکست پێدان و کودەتا کردن بەسەر شەرعیەتی ھەڵبژاردندا .
ھەروەھا گفتوگۆ دەکرێ لەسەر چۆنێتی پشتیوانیکردن لە ئیرادەی ئازادی گەلان کە رێز لە بژاردەکانیان بگیرێ لە حکومدا بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ستەمکاری و ناعەدالەتی .
لەھەواڵەکەدا ھاتووە"لەکۆنگرەکەدا کودەتاکەی میسر تەوەرەیەکی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێ کە بەمەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئیرادەی ئازادی گەلان و دیموکراسی لەقەڵەم دەدرێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە ئەوە سەرەتای سەدەیەکی تاریکە لەگەڕاندنەوەی حوکمی عەسکەر و بەرتەسک کردنەوەی بواری ئازادی و دیموکراسی"