Sarmand Hameed
16 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
لەسەر داوای جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و هەردوو جێگرەکەی، حەسەن کەعبی و بەشیر حەداد وسەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆڵی دەستووریی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
بە گوێرەی راگەیاندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی روونکردەوە و رایگەیاند "حکوومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئەنجوومەنی نوێنەران ھاوكار بێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان".
لە دوای گوتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند: "پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە".