Muhammet Ali Kemal
03 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی گشتیی و گوتەبێژی ئاک پارتی، ماهیر ئونال لە میانی بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا روونکردنەوەی سەبارەت بە مژارەکانی رۆژەڤ دا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و خۆپیشاندانەکانی ئێران، ماهیر ئونال ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کێشەی زۆر قورس لەگەڵ دەستپێکردنی ''بەهاری عەرەبی''دا سەریان هەڵداوە.
ماهیر ئونال باسی لەوەکرد کە هێزە گەردوونییەکان لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەت و ئامانجی خۆیان لەناوچەکە، هەڵمەتی ئەوە ئەنجامدەدەن کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و داواکارییەکانی کۆمەڵگە بۆ سوودی خۆیان بگۆڕن و راشیگەیاند: ''لە ئێران ژمارەیەک کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەن، ژمارەیەک هێزی گەردوونیی دەستیان وەردایە ئەم کێشانەی ئێران. واتە ئێوە چەند کێشەیەکتان هەیە، بەڵام ئەو کێشانەتان لە لایەن رکابەرەکانتانەوە دەگۆڕدرێت بۆ دەرفەتێک لە دژتان. لە لایەن ئەوانەوە قۆرخدەکرێت. لە ئێستادا ئێران ئەمەی بەسەردا هاتووە، واتا ئەگەر بێت و تەماشای روونکردنەوەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی ترەمپ بکەین، ئێران بەرەوڕووی قۆرخکارییەکی گەورە بووەتەوە. روونکردنەوەکانی روحانی بە روونی ئەوەی نیشاندا کە هەستیان بە دۆخەکە کردووە''.
ئونال جەختی لەوەکردەوە ئەوان وەک تورکیا خوازیاری ناسەقامگیریی لە ناوچەکە نیین و لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا هەوڵیان داوە و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ گرنگیی بۆ تورکیا هەیە، گوتیشی: ''سەرهەڵدانی نا سەقامگیریی و نادیارییەکی لەوشێوەیە لە ئێران، بەدڵنیاییەوە دۆخێک نییە کە تورکیا خوازیاری بێت''.
جێگری سەرۆکی گشتیی و گوتەبێژی ئاک پارتی باسی لەوەکرد دژیەکی ئەوتۆ لەنێوان لێدوانەکانی سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی و رابەری شۆڕشی ئێران، عەلی خامنەییدا نابینن.
ماهیر ئونال تیشكی خستە سەر ئەوەی کە ''هەرگیز ئێران نابێتە سووریا'' و ئاماژەی بەوەکرد ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات.