Ozhin Ramadhan Salih
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
کەرکووک - AA
ژمارەیەک چەکداری داعش هەڵیانکوتایە سەر گوندی شەعەل لە رۆژئاوای کەرکووک و لە ئاکامدا، سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا، شەش هاووڵاتی برینداربوون و هاووڵاتییەکیش رفێندرا.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە درەنگانێکی شەوی چوارشەممە ١/٩/٢٠٢١، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی شەعەل سەربە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبز باکووری رۆژئاوای کەرکووک و هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکەیان بەناوی نایف محەمەد رفاند.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە لە هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆسەر گوندی شەعەل، سەربازێکی فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق بەناوی مەحمود سەبعاوی کوژراوە و شەش هاووڵاتییش بەناوەکانی؛ رائد محەمەد حەسەن، عارف محەمەد حەسەن، ئەسعەد محەمەد حەسەن، نەقیب مولود حەسەن، ئاسۆ مولود حەسەن و سمکۆ مولود حەسەن بریندار بوون.
سەرچاوەکە هەروەها باسی لەوەیش کرد کە دوای رفاندنی هاووڵاتییەکە، هێزەکانی سوپای عێراق و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی گوندەکە بەدوای ئەو چەکدارانەدا رۆیشتوون و بۆماوەی چەند خولەکێکیش رووبەڕووبونەوە لەنێوان ئەو چەکدارانەی داعش و سوپای عێراقدا روویداوه و لە ئەنجامی ئەو رووبەڕووبونەوەیشدا، حەوت کەس بوونەتە قوربانی.
لە میانی ئەم هەفتەیەدا، ئەمە دووەم پەلاماری داعشە بۆسەر گوندەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و رۆژی دووشەممە، چەکدارانی داعش بەگولـلە هاوەن هێرشیان کردە سەر گوندی دەکشمان لە باشووری کەرکووک و ژمارەیەک ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل و خانووی هاووڵاتییانیان لەناوبرد و سووتاند.