Zana Natık Kerem
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنیی گەیشتە قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی کە ھەریەک لە وەزیری بەرگریی، سەرۆک ئەرکانی سوپا، جێگیری فەرماندەیی ئۆپەراسپیۆنە ھاوبەشەکان، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری ھەوڵگریی و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنیی لەخۆدەگرێت، گەیشتووەتە قەزای مەخموور.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە مستەفا کازمی لە کاتی بەرێکەوتنی بۆ قەزای مەخموور لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەرێکراوە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی ھەولێری کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ مەخموور نەخراوەتەڕوو، بەڵام فەرماندە سەربازییەکان رایانگەیاندووە کە مستەفا کازمی لە نزیکەوە چاودێری ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکات کە لەئێستادا بە ھاوبەشی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھاوبەشی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ھەردوو میحوەری گەرمەسێر و قەرەتەپە بۆسەر حەشارەگەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دەست پێ کرد.