ئەستەنبوڵ
فەنەرباخچە لەیاریگای خۆی، پشت بەستوو بە جەماوەرەکەی، بۆتۆمارکردنی سەرکەوتنێکی مێژوویی پێی نایە یاریگا بەڵام سیناریۆی یارییەکە زۆر دوور بوو لە خەونی فەنەرییەکان.
یانەی ئارسناڵ توانی لەگێمی یەکەمدا کۆنتڕۆڵی یاریگا بکا و مەترسییەکی زۆر بخاتە سەر گۆڵی یانە تورکیەکە، ھێرشەکانیان ھێلی بەرگریی فەنەریان بەتەواو ماندووکرد. یاریزانانی یانەی فەنەرباخچە لە تەواوی ٤٥ دەقیقەی گێمی یەکەمدا نەیانتوانی تەنیا لێدانێکیش ئاڕاستەی گۆڵی یانەی میوان بکەن. گێمی یەکەم بە ئەنجامی (٠-٠) تەواوبوو.
لەدەقیقەکانی ٥١ و ٦٤ی گێمی دووەمدا یاریزانان (گیبس) و (رامسێی) ئارسناڵیان بە دوو گۆڵ پێشخست. دوای لەدەستدانی چەندین ھەلی گۆڵکردن لەلایەن یاریزانانی ھەردوو یانەوە، یاریزانی یانەی ئارسناڵ (گیرۆود) لە دەقیقەی ٧٧دا گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکەی بە لێدانی سزا تۆمارکرد.
بەمشێوەیە یارییەکە بە ئەنجامی (٣-٠) لە بەرژەوەندیی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزیی تەواوبوو.