Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم موسڵح رەتی کردەوە کە ھێرش کرابێتە سەر ھێزەکانیان لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و رایگەیاند ئەو هەواڵانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە قاسم موسڵح لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە ئامانجی بەرگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان و پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم موسڵح لە راگەیەنراوەکەیدا رەتی کردووەتە کە ھێرش کرابێتە سەر ھێزەکانیان لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا و رایگەیاندووە ئەو هەواڵانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئۆتۆمبێلێکی حەشدی شەعبی لە نزیک سنوور لەگەڵ سووریا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانکراوە و بەھۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژراون و برینداربوون.